
ئیلاف- سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند كە پاسپۆرتێكی دیبلۆماسی دەبەخشرێتە شەزا حەسون دوای ئەوەی توانیی نازناوی ستار ئەكادیمی بەدەست بهێنێت، سەرچاوەكە ئەوەشی راگەیاند كە هوشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق فەرمانێكی وەزاری دەركردووە بە بەخشینی ئەم پاسپۆرتە بە شەزا كە لە بەغدا دەردەچێت بێ ئەوەی بێت بۆ وەرگرتنی لە بەغدا، و رۆژی چوارشەممەی رابردوو پاسپۆرتەكە دەرچووە و بۆ شەزا دەنێردرێت لە رێگای یەكێك لە باڵیۆزخانەكانی عێراق لە دەرەوە.
ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە زۆربەی یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عێراق پاڵەوانی جامی نەتەوەكانی ئاسیا تا ئێستا پاسپۆرتە دیبلۆماسییەكانی خۆیان وەرنەگرتووە كە وەك پاداشتێك بۆ بەدەستهێنانی جامەكە پێیان بەخشرابوو، چونكە وەزارەتی دەرەوەی عێراق مەرجی ئەوەی دانابوو كە پێویستە هەر یاریزانێك خۆی بێت بۆ وەرگرتنی لە بەغدا.
شایەنی گوتنە شەزا حەسونی تەمەن 26 ساڵ لە باوكێكی عێراقی و دایكێكی مەغریبییە توانیی لە مانگی نیسانی رابردوو پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت لە پێشبڕكێی ستار ئەكادیمی.

