تبليغاتX
به‌خێربێن بۆ بلاگی کانی - نه‌خۆشێک له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگدا!!!!

(ئەحمەد) هەموو هەفتەیەك دوو جار لە بەشی گورچیلە لە نەخۆشخانەی كۆماری، دەبێت گورچیلەی بۆ بشورێتەوە، بەم دواییەش قاچەكانیشی لە دەست داوە، تا ئێستا پزیشكەكانی كوردستان بێ هیوایان نەكردووە، تەنیا ئەوەیان پێ گوتووە كە ئێستا هەردوو گورچیلەكانی لاواز بوونە و، پێویستیی بە چارەسەر هەیە لە دەرەوەی كوردستان.
(ئەحمەد) دەڵێت، هەر جارێك كە بۆ شوشتنی گورچیلەكانی سەردانی نەخۆشخانە دەكات، زۆر ئازاری دەدەن، ئەویش بە هۆی ئەو سوندەیەی كە گورچیلەكانی پێ دەشوون و گرفتی دیكەی بۆ دروست دەكەن.
دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەكی لە كوردستان بۆ ئەنجامدرا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باری تەندروستیی بەرە و خراپی دەڕوات و نەهامەتییەكانی زیاتر دەبێت.
(سیامەند) پیاوێكی بە ساڵاچووە و باوكی (ئەحمەد)ـی نەخۆشە، وەك خۆی دەڵێت: "هیچ شتێك نەماوە كە لە پێناو چارەسەركردنی (ئەحمەد) نەمفرۆشتبێت، بەڵام ئێستا بۆ چارەسەری كوڕەكەم، هیچم لە توانادا نەماوە ".
باوكی (ئەحمەد) باس لەوە دەكات كە تا ئێستا، بۆ چارەسەری (ئەحمەد)، سەد سەر مەڕ و، پارچەیەك زەوی، تەنانەت ئوتۆمبێلەكەشی فرۆشتووە، بەڵام دواجار بە ڕاپۆرتی پزیشكی، پێیان ڕاگەیاندووە كە نەخۆشییەكەی (ئەحمەد) پێویستی بە دەرەوەی وڵاتەو لە كوردستان چارەسەری نەماوە.
دایكی (ئەحمەد) باسی لەوە كرد كە لەو ڕۆژەی كوڕە بچووكەی تووشی ئەو نەخۆشییە هاتووە، هەژاری و كەمدەرامەتی ڕووی تێ كردوون، گوتی: "شەو تا بەیانی بە دیار (ئەحمەد)ـەوە ڕۆژ دەكەینەوە".
دایكی (ئەحمەد) ڕووی كردە بەرپرسان و سەرمایەدارانی كوردستان و داوای لێ كردن كە هاوكارییان بكەن، تاكوو جارێكی دیكە (ئەحمەد) بە ساخ و سەلامەتی بگەڕێتەوە نێو هاوڕێیەكانی لە قوتابخانە و درێژە بە خۆێندنی خۆی بدات.
شایەنی باسە، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی، نەخۆشییەكەی (ئەحمەد) ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوخراپی دەچێت. لە ڕاپۆرتەكەشدا ئاماژە بەوە دراوە كە دەبێت بۆ چارەسەری پێویست، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت.
هەركەسێك بیەوێت هاوكاری (ئەحمەد) بكات و دەستی كۆمەك و هاوكاریی بۆ درێژ بكات تاكوو لەم نەخۆشییە ڕزگاری بێت، دەتوانێت بەم ژمارە تەلەفۆنەوە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە ماڵەوەیانەوە بكات.
07504535433
بۆ هەر ڕا و پێشنیارێكیش سەبارەت بە (كۆمەك) بەو نەخۆشە، پێوەندیی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بكەن

+ نووسراوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ژار شێروانی له‌ 2008/11/14 و ‌کاتژمێر 10:31 PM |